هەڵمەتی هۆشیاری بەڵێ بۆ ژیان، نەخێر بۆ ماددەی هۆشبەر
بەشداربە لەگەڵمان لە بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە ڕێگەی هەڵمەتی هۆشیاری "بەڵێ بۆ ژیان، نەخێر بۆ ماددەی هۆشبەر"
ئالودەبوون بە ماددەی ھۆشبەر یەكێكە لە گەورەترین كێشەكانی كە ڕووبەڕوی گەنجان دەبێتەوە لە سەرانسەری عێراق وهەرێمی كوردستان . ئەرکی حكومەتە کە ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ سنورداركردنی دیاردەی بازرگانی كردن بە ماددەی ھۆشبەر، بەڵام سەرەڕای ئەم ھەوڵانە هەڵمەتەکانی ھۆشیاری باشترین ڕێگان بۆ كەمكردنەوەی دیاردەكە.
ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان هەڵمەتێکی هۆشیاری بە ناونیشانی بەڵێ بۆ ژیان، نەخێر بۆ ماددەی هۆشبەر ڕاگەیاند بۆ دورخستنەوەی گەنجان و نەوجەوانان لە مەترسییەکانی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان. وەک دەستپێکی هەڵمەتەکە ماراسۆنێکی بۆ هەمووان ئەنجامدا لە ڕێکەوتی ٩/٣/٢٠٢٤ لە شاری سلێمانی.
وە هەروەها لەبەردەوامی چالاکییەکانی ئەم هەڵمەتەدا چەندین کۆبوونەوە، پانێل، سیمینار ئەنجامدەدرێن و هەروەها ٢ سپۆتی تەلەفیزیۆنی بەرهەمهێنراوە بۆ پەخشکردن لە کەناڵ و تۆڕەکۆمەڵیەتییەکان بۆ ئەوەی پەیامی هەڵمەتەکە بگاتە زۆرترین گەنج.
ئامانجی هەڵمەتەکە :
· بڵاوکردنەوەی هۆشیاری : ئاگادارکردنەوەی گەنجان و کۆمەڵگە دەربارەی هەموو لێکەوتە چاوەڕوانکراوەکانی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە لایەنی تەندروستی، کۆمەڵگا و یاسایی، و هۆشیارکردنەوەی گەنجان بۆ ڕەتکردنەوەی ماددەی هۆشبەرە نایاساییەکان.
· هاندان بۆ بەشداری کردن: هاندانی لایەنە حکومی و نا حکومی و میدیاکان و لایەنە یاساییەکانە بۆ بەشداری کردن و جەختکردنەوە لەسەر سوودی هەوڵ و ماندووبوونی پێشوەختە بۆ هۆشیارکرردنەوەی کۆمەڵگە دەربارەی دیاردەی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و گرتنەبەری ڕێوشوێنی خۆپارێزی.
· بەهێزکردنی گەنجان: دابینکردنی زانیاری و لێهاتوویی و سەرچاوەی پێویست بۆ گەنجان بۆ ئەوەی ببنە ڕاهۆزی گۆڕانکاری لە کۆمەڵگاکانیاندا، داکۆکیکردن لە دەستپێشخەرییەکانی خۆپاراستن لە ماددە هۆشبەرەکان و گەیاندنی دەنگیان لە درێژەی هەڵمەتەکەدا.