- بڵاوکراوەکانمان
هەڵەبجە بە فەرمی وەک ١٩ هەمین پارێزگای عێراق پەسەند کرا
4/30/2025
هەڵەبجە بە فەرمی وەک ١٩ هەمین پارێزگای عێراق پەسەند کرا
منداڵپارێزی کوردستان هەوڵەکانی یەکدەخات لە پێناو بەهێزکردنی تواناکانی گەنجان و ئەنجامدانی چاکسازی گرنگ و درێژخایەن لە پارێزگای هەڵەبجە.
منداڵپارێزی کوردستان – بەیاننامەی ڕۆژنامەوانی
٣٠ نیسان ٢٠٢٥
هەڵەبجە، عێراق – منداڵپارێزی کوردستان پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستەی دانیشتوانی هەڵەبجە دەکات بە بۆنەی پەسەند کردنی وەک ١٩ هەمین پارێزگای عێراق و چوارەمین پارێزگای هەرێمی کوردستان. ئەم بڕیارە وەک ڕێزلینانێکە بۆ گیانی پاکی شەهیدان و مێژووی قوربانیدانی شارەکە، هەروەها هەنگاوێکە بۆ بەشداری پێکردنی گەنجان و منداڵانی هەڵەبجە و دابینکردنی هەلی نوێ بۆ گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونی شارەکە لە هەموو دیدگایەکەوە.
منداڵپارێزی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ لە سەرەتای دامەزراندنیەوە هاوکار و پشتیوانی خەڵکی هەڵەبجە بووە، هەمیشە هەوڵیداوە لە ڕێگەی پڕۆژە و چالاکییەکانی لە بواری تەندروستی و پەروەردە و گەشەپێدانی ئاستی کۆمەڵگا و ئاوەدانکردنەوە هاوکار و پاڵپشتی گەنجان ومنداڵانی شارەکە بێت. لە ئێستادا شارەکە لە ئەزموونێکی نوێدایە، ئێمەش وەک هەمیشە بەردەوامدەبین لە ئەرکی خۆمان بۆ پاڵپشتی کردن و پەرەپێدانی تواناکانی گەنجانی بەهرەمەند کە دەتوانن ڕابەڕ و سەرکردە بن بۆ پێشکەوتنی هەڵەبجە.
ئاراس عابد نوێنەری منداڵپارێزی کوردستان لە هەڵەبجە وتی:" لەماوەی جەنگی ناوخۆ و ململانێ سیاسییەکان لە ناوەڕاستی ساڵی نەوەدەکان زۆرێك لە ڕێكخراوەكان دەكشانەوە و هەندێک جار دەست دەبرا بۆ بردنى كەلوپەلى كۆمپيوتەر و دەستگیرکردنی كارمەندەكانمان بەڵام ئێمە لەڕێگەی بەرنامەیەکی ڕوون و بێ لايەن لە سياسەتى كاركردندا توانیمان بەسەر هەموو ئاڵەنگارییەکاندا سەربكەوین".
هەروەها ئاماژەی بەوەدا: "هەروەها هێرش کرایە سەر ئۆفیسی ڕێکخراوەکەمان لە هەڵەبجە و منیش بریندارکرام، بەڵام هێشتا سوربوین لەسەر مانەوە. لە کاتێکدا کەس ئامادە نەبوو بمێنێتەوە، منداڵپارێزی کوردستان نەڕۆیشت و خەڵکی بەجێنەهێشت. خەڵکی هەڵەبجە ئاگادارن کە ڕێکخراوەکە لە بوارەکانی گەشەپێدانی تواناکانی گەنجان، خزمەتگوزاری تەندروستی، ئاوەدانکردنەوە و پەروەردە کاری کردووە بۆ دابینکردنی باشترین خزمەتگوزارییەکان. لە پێناو گیانی پاک و قوربانیدانی شەهیدانی پارێزگای هەڵەبجە، ئێمە وەک هەمیشە پابەندین بە دابینکردنی خزمەتگوزاری زیاتر لە پێناو بنیاتنانی داهاتوویەکی گەش بۆ نەوەی داهاتوو."
مێژووی خزمەتی ڕێکخراوەکەمان بە هەڵەبجە لە ساڵی ١٩٩١ەوە
لە دەرەنجامی شەڕ و ناکۆکییەکان لە ناوچەکەدا لە ساڵی ١٩٩١، منداڵپارێزی کوردستان یەکەمین ئۆفیسی خۆی لە هەڵەبجە کردەوە بۆ هاوکاریکردنی منداڵانی بێ دایک و باوکی شارەکە. ئامانجمان هەر لەسەرەتاوە دابینکردنی ژینگەیەکی پارێزراو و تەندروستە بۆ هەموو منداڵێک بە بێ جیاوازی و هاوکاریکردنیان بۆ پێڕاگەیشتن بە پەروەردەیەکی گونجاو و شایستە.
لە نێوان ساڵەکانی ١٩٩٦ و ٢٠٠٦ منداڵپارێزی کوردستان هاوکاری خێرای پێشکەش کرد بە ٣٦٠ خێزان. لە دوای پچڕانێکی کەم لە ساڵی ١٩٩٢، دەستمانکردەوە بە خزمەتکردنی شارەکە و هاوکاریکردنیان بۆ تێپەڕاندنی ئەو سەختییانەی پیایدا تێپەڕبوون.
پێشکەشکردنی هاوکاری پزیشکی و تەندروستی
بە درکپێکردن بە کەم و کورتییەکان و ئاڵەنگارییەکان کە ڕوبەڕووی کەرتی تەندروستی دەبۆوە لە ناوچەکەدا، منداڵپارێزی کوردستان بە بەردەوامی هاوکاری پزیشکی پێشکەشدەکرد بە شارەکە کە لە عێراق و وڵاتانی دەرەوە هەناردە دەکران.
گرینگترینیان بریتین لە:
· ئەنجامدانی ١٤٥ نەشتەرگەری هەستیار و ئاڵۆز بۆ منداڵان.
· ئەنجامدانی ٢٢ قەستەرەی چارەسەری.
· دابینکردنی پێداویستی پزیشکی بۆ ٢٢ منداڵ.
· دابینکردنی سپۆنسەر بۆ ئەنجامدانی چارەسەر لە دەرەوەی وڵات.
پەروەردە و گەشەپێدانی تواناکانی گەنجان
ئامانجی هەریەک لە بەرنامەکانی پەروەردە و گەشەپێدانی تواناکانی گەنجان لە منداڵپارێزی کوردستان بە تەنها بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و زانست و پەروەردە نییە، بەڵکو لە ڕێگەی چالاکی و پڕۆژە هەمەجۆرەکانیان پاڵپشتی گەنجان دەکەن بۆ پەرەدان بە توانا و بەهرەکانیان.
هەندێک لەو دەستپێشخەریییانەی ئەنجامدراون:
· دامەزراندنی یەکەمین باخچەی منداڵان لە پێناو گرنگیدان بە یەکەمین هەنگاوەکانی فێربوونی منداڵان.
· دامەزراندنی یەکەمین خوێندنگای خوێندنی خێرا، بۆ بەخشینی هەلێکی نوێ بە ئەو گەنجانەی ناتوانن لە خوێندنگاکان بخوێنن.
· دامەزراندنی سەنتەری چالاکی گەنجانی هەڵەبجە لە ساڵی ٢٠٠٨ کە سەنتەرێک بوو خزمەتێکی زۆری پێشکەش کرد بە ٣٧٠٠٠ گەنج لە ناوچەکەدا لە بوارەکانی:
میوزیک، هونەر، زمان، خولی کۆمپیتەر و وەرزش و شانۆ.
گرنگیدان بە دەروندروستی و ئەنجامدانی وۆرکشۆپ بۆ پەرەدان بە توانا کەسییەکان.
کردنەوەی خولی پەروەردەکردنی پەلەوەر و هەنگەوانی و چاودێریکردنی ئاژەڵ.
دابینکردنی تیمی گەڕۆک بۆ ئەنجامدانی چالاکی بۆ گەنجانی گوندنشین.
ئامانج لەم چالاکی و پڕۆژانە بنیادنانی گەنجی بە توانایە بۆ ئەوەی هاوکاربن لە پێشکەوتنی شارەکەیاندا و سوودیان هەبێ بۆ کۆمەڵگاکەیان و هۆکارێک بن بۆ باشترکردنی ژیانی دانیشتوانی هەڵەبجە.
پەرەدان بە بواری کۆمەڵایەتی و کەلتوری
منداڵپارێزی کوردستان بەشداربووە لە زیندوو ڕاگرتنی کەلتوور و ژێرخانی هەڵەبجە.
هەروەک:
· پاڵپشتی کردنی مەڵبەندی ڕۆشنبیری منداڵان پێش ڕادەستکردنی بۆ بەڕێوبەرایەتی کەلتوور.
· نۆژەنکردنەوەی خوێندنگا و نەخۆشخانە.
· بنیاتنانی ٧٥٠ خانوو، کە ٥٠ خانوویان لە شارۆچکەی سیروان بوون.
· دانانی گەورەترین سیستەمی ئاوەڕۆی هەڵەبجە کە درێژییەکەی (١٧٠٠ م) بوو لە پێناو پاراستنی تەندروستی دانیشتوانی شارەکە.
· ڕێکخستنی ٥٧ ۆرکشۆپ دەربارەی بابەتەکانی پاراستنی منداڵ، و گەشەپێدانی تواناکانی گەنجان.
· ئەنجامدانی ڕاهێنان بۆ مامۆستایان و مامۆستایانی ئاینی و توێژەرانی کۆمەڵایەتی لە دامەزراوەکانی پەیوەست بە گەنجان و منداڵان.
٢٠٢٤-٢٠٢٥: سەرنج خستنە سەر پڕۆژەکانی پاراستنی منداڵان و هاوکاریکردنی خێزانەکان
لەم دواییانەدا هەوڵێکی باشمان داوە بۆ پاراستن و هاوکاریکردنی ئەو خێزانانەی کە بە بارودۆخێکی سەختدا تێدەپەڕن.
هاوکارییەکان بریتیبوون لە:
· دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ ٢٢ منداڵی لێقەوماو و هەژار.
· دابینکردنی هاوکاری دارایی بۆ ٧٩ منداڵ.
· ئەنجامدانی وۆرکشۆپ دەربارەی کارامەییەکانی دایک و باوکان و مافەکانی منداڵ.
· ئەنجامدانی سیمینار بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا دەربارەی بابەتەکانی مافەکانی منداڵ و کاریگەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
· پڕۆژەی دروستکردنی داهات بۆ باشترکردنی بارودۆخی ئابوری خێزانەکان تا منداڵاکانیان ناچار نەکەن بە کارکردن.
دەربارەی ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان
ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان لە پێناوقازانجدا کارناکات، ڕێکخراوێکی سیاسی و حکومی و ئاینی نیە، بەبێ ڕەچاوکردنی نەژاد، ڕەگەز، پابەندییە ئاینی و سیاسیەکان یارمەتی پێشکەش بە منداڵان دەکات .
لە ئێستادا لە چوارچێوەی ٤ بەرنامەی سەرەکیدا کاردەکات ئەوانیش، پاراستنی منداڵ، تەندروستی، پەروەردە و پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان و هەروەها فرياگوزاری له كاتی کارەسات.
ئامانجی سەرەکیمان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی باشترە لەڕێگەی چاککردن و دابینکردنی پێداویستی جۆراوجۆری ماددی، تەندروستی، کۆمەڵایەتی، ئابوری، و پەروەردەیی.
ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی ١٩٩١ لەلایەن بەڕێز هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و خانمی یەکەمی ئێستای عێراق خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دامەزراوە.
بۆ زانیاری زیاتر، تکایە پەیوەندی بکە:
سۆشیاڵ میدیا پلاتفۆرمەکان:
https://www.facebook.com/kurdistansavethechildren
https://www.instagram.com/kurdistansavethechildren/
https://www.linkedin.com/in/kurdistan-save-the-children/
https://www.youtube.com/@KurdistanSavetheChildren
https://whatsapp.com/channel/0029Vag7rzH2kNFhFEaPXi2P
منداڵپارێزی کوردستان لەمانگی هۆشیاری ئۆتیزم، داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکات داهاتویەکی باشتر و ڕۆشن بۆ منداڵانی ئۆتیزم مسۆگەر بکرێت
4/30/2025
منداڵپارێزی کوردستان لەمانگی هۆشیاری ئۆتیزم، داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکات داهاتویەکی باشتر و ڕۆشن بۆ منداڵانی ئۆتیزم مسۆگەر بکرێت
لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و ئەنجامدانی پێشانگای هونەری، منداڵپارێزی کوردستان بەهرە و تواناکانیان دەردەخات و داکۆکیدەکات بۆ دابینکردنی مافەکانی منداڵانی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان.
منداڵپارێزی کوردستان – بەیاننامەی ڕۆژنامەوانی
٣٠ نیسان ٢٠٢٥
سلێمانی – عێراق، لە مانگی هۆشیاری ئۆتیزمدا، منداڵپارێزی کوردستان جەخت دەکاتەوە لەسەر گرنگی پاراستنی مافەکانی منداڵانی ئۆتیزم و بەشداریپێکردنیان و گرنگیپێدانیان لە ناو لە کۆمەڵەگادا. ڕێکخراوەکەمان لەسەرەتای دامەزراندنییەوە خزمەت بە منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکات لە هەرێمی کوردستان و بەردەوامە لە متمانە کردن بە تواناکان و بەهرەی هەموو منداڵێک بێ جیاوازی.
بەرزبونەوەی حاڵەتەکە بە شێوەیەکی بەرچاو لە هەرێمی کوردستان
کەرتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو هەیە لە ژمارەی حاڵەتەکانی منداڵانی ئۆتیزم. بە پێی داتای وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ٣٦٠٠ حاڵەتی منداڵی ئۆتیزم لە هەرێم تۆمارکراوە جگە لەوەی ٢٥٠٠ حاڵەت لە سەنتەرەکانی کەرتی تایبەتدا تۆمارکراوە. لەدەرەنجامدا کۆی گشتی ٦٠٠٠ منداڵ دەستنیشانکراون بە حاڵەتەکانی ئۆتیزم کە ئەمەش بووەتە نیگەرانی شارەزایانی بواری تەندروستی و مامۆستایان و ڕاهێنەران.
بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئۆتیزم بەهۆی چەند هۆکارێکە کە گرێدراوی یەکدین و پەیوەندییان هەیە بەیەکەوە، وەک زیادبونی ڕێژەی دانیشتوان کە ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبونی ژمارەی ئەو منداڵانەی پشکنینیان بۆ دەکرێت و چاودێری دەکرێن. جگە لەوەش کۆمەڵگا هۆشیارترە و بەهۆی هەبوونی کەسانی شارەزا و کەرەستەی پێویست، دەستنیشانکردنی حاڵەتەکە لە ئێستادا ئاسانترە. هەروەها گۆڕانکاری لە شێوازی ژیانکردن وگۆڕانکاری ژینگەش بە هۆکارێکی گەورە دادەنرێن بۆ گۆڕانی گەشەکردنی دەمارەکانی مێشک. پسپۆڕان ئەوە دەخەنە ڕوو کە دەکرێت تێکەڵەیەک لە کاریگەرییە بۆماوەیی و زگماکی و ژینگەییەکان هۆکار بن بۆ دروستبوونی حاڵەتی ئۆتیزم.
منداڵپاریزی کوردستان نیگەرانە سەبارەت بە زیادبوونی ڕێژەی منداڵانی ئۆتیزم و کاردەکات بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییەکان لەڕێگەی دابینکردنی خزمەتگوزارییە پێویستەکان و ئەنجامدانی کاری پێشوەختە بۆ زوو دەستنیشانکردنی حاڵەتەکان و پاڵپشتیکردنی کۆمەڵگا.
تێگەیشتن لە چەمکی ئۆتیزم
ئۆتیزم (ASD) کۆمەڵێک حاڵەتی جۆراوجۆرن، تا ڕادەیەک بە هەبوونی سەختی لە دروستکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی بەردەوام و تێکەڵبون لەگەڵ کەسانی دەوروبەردا دەناسرێنەوە. ئەو کەسانەی حاڵەتی ئۆتیزمیان لەگەڵە زۆرجار حەز بە دوبارەکردنەوەی هەندێک لە ڕەفتار و کارەکانی ڕۆژانە دەکەن، هەستیارییەکی لە ڕادەبەدەریان هەیە و توانایەکی باشیان هەیە لە بوارەکانی بیرکاری و میوزیک و هونەر. بە پێی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، نیشانەکانی ئەم حاڵەتە بەزۆری لە پێش تەمەنی سێ ساڵیدا دەردەکەوێت و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت و هەردوو ڕەگەز دەگرێتەوە بەڵام لە کوڕاندا زیاترە.
چیرۆکی لالۆ
ڕێبین خواڕەحم باوکی منداڵێکی سوودمەندی سەنتەری ڕاهێنانی پەروەردەیی بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەتی سەر بە بەرنامەی پەروەردەی منداڵپارێزی کوردستانە، باس لە ئەزموونی خۆی دەکات وەک باوکی منداڵێکی هەڵگری حاڵەتی ئۆتیزم و گوتی :" لالۆ تەمەنی ٣ ساڵ بوو کە زانیمان ئۆتیزمی لەگەڵە، لە ڕووی دەرونییەوە من و دایکی زۆر ڕوخاین نەمان دەزانی چیبکەین، تێکەڵاوی کۆمەڵگا نەدەبووین، چونکە لەوە دەترساین کۆمەڵگا بە چاوێکی ترەوە سەیری بکەن. بەڵام وردە وردە گەشتینە ئەو باوەڕەی کە پێویستە شەرم نەکەین و نەیشارینەوە و تێکەڵاوی کۆمەڵگەی بکەین، ئەو منداڵی ئێمەیە و دەبێت شانازی پێوەبکەین. وردە وردە ڕاهاتین لەگەڵیدا و بەردەوام دەمانبرد بۆ سەنتەری ڕاهێنانی پەروەردەیی بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەتی سەر بە منداڵپارێزی کوردستان بۆ ئەوەی ڕاهێنان وەربگرێت و بەردەوام خۆشمان لە ماڵەوە ڕاهێنانمان پێدەکرد. ئێستا لالۆ تەمەنی ١٢ ساڵە دەتوانێت بە کوردی و ئینگلیزی بخوێنێتەوە و بنوسێت. زۆر زیرەکە لە بیرکاری و ژمارەکاندا و چواردەوری خۆی دەناسێتەوە و توانای سەرنجدانی باشتربووە. منداڵەکەمان وەک منداڵی ئاساییە تەنها کەمێک ئەرکی زیاترە. لالۆ جگە لەمانەش مەلەوانێکی زۆر باشە و بەردەوام مەلە دەکات، پاسکیلسوارێکی زۆر باشیشە، حەزی لە میوزیک و گۆرانییە بەتایبەت پیانۆ. لالۆ زۆر حەز بە وەرزش دەکات و بەردەوام تەماشای یاریی تۆپی پێ دەکات و زۆربەی یاریزانان و پێشکەشکارە وەرزشییەکان دەناسێت.
خزمەتگوزارییەکانی منداڵپارێزی کوردستان بۆ ئەو منداڵانەی حاڵەتی ئۆتیزمیان لەگەڵە
منداڵپارێزی کوردستان لە گشت لایەکەوە هاوکاری ئەو منداڵانە دەکات کە حاڵەتەکانی ئۆتیزم و داون و فرە جوڵەن، سەرەڕای چارەسەر لە ڕێی سەنتەری ڕاهێنانی پەروەردەیی بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت، هاوکاری منداڵەکان دەکات بۆ پەرەدان بە توانا کۆمەڵایەتییەکانیان و بەهرەکانیان تا بتوانن بێ جیاوازی لەگەڵ هاوتەمەنەکانیان خولیا و ئاواتەکانیان بهێننە دی.
خزمەتگوزارییەکانی سەنتەری ڕاهێنانی پەروەردەیی تایبەت منداڵانی پێشکەشی دەکات بریتین لە:
· پێشکەشکردنی چارەسەری ڕەفتاری ئەمەش یارمەتی منداڵەکان دەدات بۆ دروستکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ئەنجامدانی کاری ڕۆژانەیان.
· پێشکەشکردنی چارەسەری ئاخاوتن بۆ پەرەدان بە توانای منداڵەکان بۆ پەیوەندی کردن لەگەڵ کەسانی دەوروبەر.
· ئەنجامدانی بەرنامەی تایبەت بە پاڵپشتی کردنی دایک و باوکان، بۆ هاوکاری کردنیان لە زوو دەستنیشانکردنی حاڵەتەکە لە منداڵەکانیاندا و لە چۆنیەتی کۆنتڕۆڵکردنی فشاردا.
· بەردەوام ئەنجامدانی پشکنین بۆ منداڵەکان و دابینکردنی خزمەتگوزاری بەردەوامی هزری و جەستەیی.
چالاکییەکانی مانگی هۆشیاری ئۆتیزم لە ساڵی ٢٠٢٥
لە مانگی نیساندا منداڵپارێزی کوردستان چەند چالاکییەکی ئەنجامدا لەسەرانسەری ناوچەکە بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری کۆمەڵگا دەربارەی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵگرانی ئەم حاڵەتە.
دیارترین و گرنگترین چالاکییەکان بریتین لە:
ئەنجامدانی سیمینار لە شارەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، کەلار، ڕانیە، قەڵادزێ، سەیدسادق و دەربەندیخان بۆ هۆشیارکردنەوەی خێزانەکان و کۆمەڵگا دەربارەی ئۆتیزم.
ئەنجامدانی چالاکی لە شوێنە گشتییەکان وەک خوێندنگاکان، مۆڵ، بازاڕەکان، دامودەزگا حکومییەکان و شوێنە گشتییەکان بۆ پێدانی زانیاری و ئاشناکردنی کۆمەڵگا بە ئۆتیزم.
ئەنجامدانی ڕاهێنان بۆ مامۆستایان لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر، هەڵەبجە، بازیان و حاجی ئاوا بۆ ئاشنا کردنیان بە ڕێکارە دروستەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵان بەبێ جیاوازی.
ڕێکخستنی پێشانگای هونەری لە سەنتەری ڕاهێنانی پەروەردەیی بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت، بۆ نمایشکردنی کارە هونەرییەکانی منداڵانی سوودمەندی سەنتەرەکە، تا هەمووان ببینن منداڵانی ئۆتیزم کەسانی خاوەن بەهرە و توانان.
لە ڕێگەی ئەم چالاکی و دەستپێشخەرییە هەمەجۆرانەوە، منداڵپارێزی کوردستان داوا لە خێزانەکان و مامۆستایان و کارمەندانی کەرتی حکومی و گشت کۆمەڵگا دەکات بۆ دابینکردنی ژینگەیەک کە منداڵانی داون سیندرۆم و و ئۆتیزم و فرەجوڵە بتوانن بەشێکبن لە کۆمەڵگا و بوونیان بەرز بنرخێندرێت.
دەربارەی ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان
ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان لە پێناوقازانجدا کارناکات، ڕێکخراوێکی سیاسی و حکومی و ئاینی نیە، بەبێ ڕەچاوکردنی نەژاد، ڕەگەز، پابەندییە ئاینی و سیاسیەکان یارمەتی پێشکەش بە منداڵان دەکات .
لە ئێستادا لە چوارچێوەی ٤ بەرنامەی سەرەکیدا کاردەکات ئەوانیش، پاراستنی منداڵ، تەندروستی، پەروەردە و پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان و هەروەها فرياگوزاری له كاتی کارەسات.
ئامانجی سەرەکیمان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی باشترە لەڕێگەی چاککردن و دابینکردنی پێداویستی جۆراوجۆری ماددی، تەندروستی، کۆمەڵایەتی، ئابوری، و پەروەردەیی.
ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی ١٩٩١ لەلایەن بەڕێز هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و خانمی یەکەمی ئێستای عێراق خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دامەزراوە.
بۆ زانیاری زیاتر، تکایە پەیوەندی بکە: [email protected]
سۆشیاڵ میدیا پلاتفۆرمەکان:
https://www.facebook.com/kurdistansavethechildren
https://www.instagram.com/kurdistansavethechildren/
https://www.linkedin.com/in/kurdistan-save-the-children/
https://www.youtube.com/@KurdistanSavetheChildren
https://whatsapp.com/channel/0029Vag7rzH2kNFhFEaPXi2P
تیمی پزیشکی نەشتەرگەری ئیتاڵی چەند نەشتەرگەرییەکی هەستیاریان ئەنجامدا لە شاری سلێمانی بۆ ئەو منداڵانەی نەخۆشی زگماکی دڵیان هەیە
4/17/2025
تیمی پزیشکی نەشتەرگەری ئیتاڵی چەند نەشتەرگەرییەکی هەستیاریان ئەنجامدا لە شاری سلێمانی بۆ ئەو منداڵانەی نەخۆشی زگماکی دڵیان هەیە
منداڵپارێزی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەشی خێرخوازی گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان و شاری پزیشکی ئەنوەر شێخە کاردەکەن بۆ دابینکردنی چارەسەر بۆ حاڵەتە هەستیار و ئاڵۆزەکانی نەخۆشییەکانی دڵ و پلان وایە هەوڵەکان یەکبخەن بۆ بەکارخستنی باشترین سەنتەری دڵی منداڵان لە ناوچەکە.
منداڵپارێزی کوردستان – بەیاننامەی ڕۆژنامەوانی
١٧ نیسان ٢٠٢٥
عێراق – منداڵپارێزی کوردستان لە میانەی هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ بەرەوپێشبردنی خزمەتگوزارییەکانی پەیوەست بە نەخۆشییەکانی دڵ بۆ چارەخوازانی منداڵ لە ناوچەکەدا، بە سەرکەوتویی و بە هاوکاری بەشی خێرخوازی گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان و شاری پزیشکی ئەنوەر شێخە تیمێکی نەشتەرگەری دڵی ئیتاڵییان بانگهێشتکرد بۆ هەرێمی کوردستان. تیمەکە لە ڕێکەوتی ٥ تا ١٣ نیسانی ٢٠٢٥ نەشتەرگەری و پشکنینیان ئەنجامدا بۆ ئەو منداڵانەی نەخۆشی زگماکی دڵیان هەیە.
تیمە ئیتاڵییەکە پێکهاتبوون لە نۆ کەسی شارەزا لە بوارەکانی نەشتەرگەری دڵی منداڵان، پزیشکی بێهۆشکەر، پزیشکانی بەشی چاودێری چڕ، پەرستار و پێرفیوژنیست کە سەردانی شاری پزیشکی ئەنوەر شێخەیان کرد لە شاری سلێمانی. بەسەرپەرشتی د.ئاسۆ فایەق پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی دڵی منداڵان و د.دیار شیروان پزیشکی نەشتەرگەری دڵی منداڵان، پشکنینیان بۆ ٢٧ منداڵ ئەنجامدا و هەندێک لە منداڵەکان دەستنیشانکران بۆ ئەنجامدانمی نەشتەرگەری. ئەندامانی تیمە ئیتاڵییەکە بریتیبوون لە:
· د. فرانسیسکۆ سانتۆرۆ و د. ئلێنا ریبێرا – پزیشکانی نەشتەرگەری دڵی منداڵان
· د. گابریێل کاردو - پزیشکی بێهۆشکەر
· د. پاسکوا پاسیلی و د. ڕیکاردۆ مۆسکێتی – پزیشکانی بەشی چاودێری چڕ
· داریۆ فیچێرا - پێرفیوژنیست
· میسانا ماسیمۆ و جادا بۆجی – پەرستاری بەشی چاودێری چڕ
· ناظم عوسمان
لە دوای پشکنینەکان پلانی ئەنجامدانی هەشت نەشتەرگەری دانرا و لەماوەی ئەم سەردانەی تیمەکەدا شەش نەشتەرگەری بەسەرکەوتوویی لە شاری پزیشکی ئەنوەر شێخە ئەنجامدران. منداڵانی چارەخواز کێشیان لە نێوان ١٠ بۆ ١٣ کیلۆ بوون و بە خۆشحاڵییەوە بەرەبەرە هەنگاو دەنێن بەرەو چاکبوونەوە. یەکێک لەو نەشتەرگەرییانەی ئەنجامدران حاڵەتێکی هەرە دەگمەن و هەستیار بوو، منداڵەکە دڵی لەدەرەوەی قەفەزەی سنگی بوو.
سەرەڕای ئەنجامدانی نەشتەرگەری تیمی سەردانیکەر کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا لەگەڵ خاتوو سارا ڕەشید، سەرۆکی منداڵپارێزی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی کار و پڕۆژەی هاوبەش لە داهاتوودا. لە گفتوگۆکاندا جەخت کرایەوە لە بەردەوام بوون لە هەوڵە هاوبەشەکان بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری زیاتر و بەکارخستنی سەنتەرە نوێیەکەی دڵی منداڵان لە سلێمانی. هەروەها هەردوو لایەن تاوتوێی چۆنیەتی بەشداربوونی تیمە ئیتاڵییەکەیان کرد لەم پڕۆسەیەدا تا بتوانن هاوکاربن لە بەرەوپێشچوونی خزمەتگوزارییەکان و دڵنیابوونەوە لە خزمەتکردن بە زۆرترین منداڵ.
ئەم سەردانییە بەشێکە لە پڕۆژەیەکی هەرە سەرەکی منداڵپارێزی کوردستان کە هەڵدەستێت بە بانگهێشکردنی تیمە پزیشکییە نێودەوڵەتییەکان بە ئامانجی بەروەپێشبردنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانی نەخۆشییەکانی دڵی منداڵان لە ناوچەکەدا. لەسەرەتای دامەزراندنی سەنتەری دڵی منداڵان لە سلێمانی، تیمە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەت لە وڵاتی ئیتاڵیاوە دەستپێشخەرییەکی باشیان ئەنجامداوە بۆ بەرەوپێشبردنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان لە سەنتەرەکەدا.
منداڵپارێزی کوردستان پابەندە بە ڕەخساندنی هەل بۆ دابینکردنی زۆرترین کەسانی شارەزا لە بواری خزمەتگوزاری تەندروستی لە پێناو هاوکاریکردنی منداڵانی کەم دەرامەت و لێقەوماو، هەروەها بۆ بەردەوام بوون لە کاری هاوبەش لەگەڵ تیمە نێودەوڵەتییەکان بۆ دڵنیا بوونەوە لە فەراهەمکردنی ژیانێکی تەندروست بۆ هەموو منداڵێک بێ جیاوازی.
دەربارەی ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان
ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان لە پێناوقازانجدا کارناکات، ڕێکخراوێکی سیاسی و حکومی و ئاینی نیە، بەبێ ڕەچاوکردنی نەژاد، ڕەگەز، پابەندییە ئاینی و سیاسیەکان یارمەتی پێشکەش بە منداڵان دەکات .
لە ئێستادا لە چوارچێوەی ٤ بەرنامەی سەرەکیدا کاردەکات ئەوانیش، پاراستنی منداڵ، تەندروستی، پەروەردە و پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان و هەروەها فرياگوزاری له كاتی کارەسات.
ئامانجی سەرەکیمان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی باشترە لەڕێگەی چاککردن و دابینکردنی پێداویستی جۆراوجۆری ماددی، تەندروستی، کۆمەڵایەتی، ئابوری، و پەروەردەیی.
ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی ١٩٩١ لەلایەن بەڕێز هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و خانمی یەکەمی ئێستای عێراق خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دامەزراوە.
بۆ زانیاری زیاتر، تکایە پەیوەندی بکە:
سۆشیاڵ میدیا پلاتفۆرمەکان:
https://www.facebook.com/kurdistansavethechildren
https://www.instagram.com/kurdistansavethechildren/
https://www.linkedin.com/in/kurdistan-save-the-children/
،منداڵپارێزی کوردستان لە ڕێگەی خێرخوازە بەخشندەکانییەوە هیوا دەبەخشێتە خێزانەکانن
4/13/2025
منداڵپارێزی کوردستان لە ڕێگەی خێرخوازە بەخشندەکانییەوە هیوا دەبەخشێتە خێزانەکان بە دابینکردنی چەند پێداویستییەکی گرنگ وەک هاوکاری دارایی و خۆراک و جلوبەرگ لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز
منداڵپارێزی کوردستان – بەیاننامەی ڕۆژنامەوانی
١٣ نیسان ٢٠٢٥
سلێمانی، عێراق – لە هەڵمەتێکی خێرخوازیدا بۆ هاوکاریکردنی خێزانە کەمدەرامەتەکانی ناوچەکە کە پێکهاتبوون لە خێزانە خانەخوێ و ئاوارە و پەنابەرەکان. بە درێژایی مانگی ڕەمەزان، منداڵپارێزی کوردستان بە هاوکاری چەند خێرخواز و لایەنێک هاوکاری پێویستی دابەشکرد بەسەر خێزانی هەژار و کەم دەرامەت کە پێکهاتبوو لە برنج و ئارد و شەکر و چەند بابەتیکی دیکە، هەروەها هاوکاری ماددی و جل و بەرگی جەژن و چەند بڕێک لە گۆشت ئامادەکرا و پێشکەشکرا بە و خێزانانەی کە پێویستیان بە هاوکارییە تا بتوانن بە ئارامی و بەخۆشی جەژن لەگەڵ منداڵەکانیان بەڕێ بکەن.
سارا ڕەشید، سەرۆکی ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد" ئەم ڕەمەزانە ئامانجی ئێمە تەنها دابینکردنی خۆراک و جل و بەرگ نەبووە، بەڵکو ئامانجمان بەخشینی هیوا و پەرەدانە بە بەخشین و گیانی هاوکاری لە ناو کۆمەڵگەدا." وتیشی " بە هاوکاری خێرخوازەکانمان، توانیمان کاریگەرییەکی باشمان هەبێت لە باشترکردنی ژیانی چەند خێزانێک و دڵنیامان کردنەوە کە ئەوان بە تەنها نین."
هەروەها وتیشی" بۆ ماوەی چەندین ساڵە، منداڵپارێزی کوردستان لە مانگی ڕەمەزاندا پشتگیری ئەو خێزانانە دەکات کە پێویستیان بە هاوکارییە لە ڕێگەی بەخشینی پاکێجی خواردن و جل و بەرگ بۆ ئەوەی بتوانن ڕەمەزانێکی ئارام و جەژنێکی پڕ لە خۆشی بەسەر بەرن. لەم ساڵدا، کۆمەڵگاکەمان زیاتر لە ساڵانی پێشوو کۆمەکیان پێشکەش کرد و ئەمەش یارمەتیدەر بوو بۆ ئەوەی هاوکاری پێشکەش بکەین بە خێزانی زیاتر. بەخشین کردارێکی پیرۆزە و بەشێکە لە مانگی ڕەمەزان و ئەوەی جێی دڵخۆشییە متمانەی کۆمەڵگاکەمانە بە ڕێکخراوە ناحکومییەکانی وەک منداڵپارێزی کوردستان کە یارمەتیدەربووە بۆ گەیاندنی کۆمەک و هاوکارییەکان بە دەست ئەو خێزانانەی لە پیشینەن."
بە هاوکاری و پاڵپشتی خێرخوازەکانمان منداڵپارێزی کوردستان توانی هەندێک پێداویستی گرنگ بۆ خێزانی هەژار دابین بکات کە بریتیبوون لە:
٢٠٦٨ پاکێجی خواردن کە پێکهاتبوون لە:
❖ ١٠٠٠ پاکێج کە لەلایەن حاجی سەعدی کۆڵەک
❖ ٩٠٠ پاکێج لەلایەن کۆمپانیای گراند بۆلیڤارد
❖ ١٥٠ پاکێج لە لایەن ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی
❖ چەند پاکێجێکیش لە لایەن چەند خێرخێوازێکی سەربەخۆ
هاوکاری دارایی:
❖ ٣٨٠٠ دۆلاری ئەمریکی
❖ ١٦٧٥٠٠٠ دیناری عێراقی
❖ ٢٦٧ دەستە جلوبەرگی جەژن بۆ منداڵان
❖ بەخشینی گۆشت بە ٢٠ خێزان، کە لەلایەن خێرخوازێکەوە دابینکرابوو.
❖ هاوکارییەکان لەم مانگە پیرۆزەدا دابەشکران بەسەر خێزانە کەمدەرامەتەکان لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی عێراق.
منداڵپارێزی کوردستان سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی هەموو ئەو خێرخواز و خاوەنکار و ڕێکخراوانە دەکات کە بەشداربوون لە گەیاندنی هاوکاری بۆ خێزانی لێقەوماو و کەمدەرامەت. بە میهرەبانی و بەخشندەییان دڵخۆشی و ئارامی دەخەنە ماڵی ئەو خێزانانەی بە کاتێکی سەختدا تێدەپەڕن.
هەروەها منداڵپارێزی کوردستان سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی دەزگای میدیای کوردسات دەکات بۆهاوکاری کردنییان لەگەیاندنی کۆمەک و پێداویستیەکان و لە ڕێگەی ڕۆماڵکردنی چالاکییەکە لە سەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان. ئەم ڕێگایە گرنگە بۆ گەیاندنی ئامانج و کاریگەری هەڵمەتەکە.
ئەم هەڵمەتە لێرەدا کۆتایی نایەت. ئێمە داوا لە هەمووان دەکەین کە هاوکارمان بن بۆ ئەوەی بتوانین بەردەوام بین لە پاڵپشتی کردنی ئەو منداڵ و خێزانانەی پێویستیان بە هاوکاری ئێمەیە.
بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی پڕۆژە و چالاکیە خێرخوازییەکانمان سەردانی ماڵپەڕەکەمان بکەن: www.ksc-kcf.org
دەربارەی ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان
ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان لە پێناوقازانجدا کارناکات، ڕێکخراوێکی سیاسی و حکومی و ئاینی نیە، بەبێ ڕەچاوکردنی نەژاد، ڕەگەز، پابەندییە ئاینی و سیاسیەکان یارمەتی پێشکەش بە منداڵان دەکات .
لە ئێستادا لە چوارچێوەی ٤ بەرنامەی سەرەکیدا کاردەکات ئەوانیش، پاراستنی منداڵ، تەندروستی، پەروەردە و پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان و هەروەها فرياگوزاری له كاتی کارەسات.
ئامانجی سەرەکیمان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی باشترە لەڕێگەی چاککردن و دابینکردنی پێداویستی جۆراوجۆری ماددی، تەندروستی، کۆمەڵایەتی، ئابوری، و پەروەردەیی.
ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی ١٩٩١ لەلایەن بەڕێز هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و خانمی یەکەمی ئێستای عێراق خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دامەزراوە.
بۆ زانیاری زیاتر، تکایە پەیوەندی بکە:
سۆشیاڵ میدیا پلاتفۆرمەکان:
https://www.facebook.com/kurdistansavethechildren
https://www.instagram.com/kurdistansavethechildren/
https://www.linkedin.com/in/kurdistan-save-the-children/
لە ڕۆژی جیهانی تەندروستی، منداڵپارێزی کوردستان تیشک دەخاتە سەر کاریگەری پڕۆژە و چالاکییەکانی کە هۆکارێکن بۆ پێشکەوتنی کەرتی تەندروستی و باشترکردنی تەندروستی منداڵان لە سەرانسەری عێراق
4/7/2025
لە ڕۆژی جیهانی تەندروستی، منداڵپارێزی کوردستان تیشک دەخاتە سەر کاریگەری پڕۆژە و چالاکییەکانی کە هۆکارێکن بۆ پێشکەوتنی کەرتی تەندروستی و باشترکردنی تەندروستی منداڵان لە سەرانسەری عێراق
منداڵپارێزی کوردستان لە ڕێگەی پڕۆژە و بەرنامەی کاریگەر بە هاوبەشی لەگەڵ کەرتە تەندروستی و پزیشکان و ڕێکخراوە جیهانییەکان، کاردەکات بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی شیاو و پێویست و دابینکردنی مافی تەندروستی منداڵان بۆ هەبوونی ژیانێکی تەندروست بۆ ئەو منداڵانەی پێویستییان بە هاوکارییە لە سەرانسەری عێراق.
منداڵپارێزی کوردستان – بەیاننامەی ڕۆژنامەوانی
٧ نیسان ٢٠٢٥
سلێمانی - بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی تەندروستی، منداڵپارێزی کوردستان تیشک دەخاتە سەر ئەو پڕۆژە و چالاکییە گشتی و هەمەلایەنانەی تایبەت بە بەرنامەی تەندروستی، کە ڕۆڵێکی دیاریان هەبووە لە باشترکردنی دۆخی تەندروستی و خۆشگوزەرانی منداڵان لە هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی و دابینکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستیەکان بۆ منداڵانی هەژار و لێقەوماو.
بەرنامەی تەندروستی سەر بە ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان کاردەکات لە پێناو فەراهەمکردنی خزمەتگوزاری پزیشکی گرنگ و پێویست بۆ منداڵان وخێزانەکانیان بە تایبەت ئەو منداڵانەی کە لە ململانێدان لەگەڵ نەخۆشییە دژوار و سەختەکان و لە بارودۆخێکی ئابووری سەختدان. منداڵپارێزی کوردستان لە ڕێگەی پڕۆژە و کاری ستراتیژی هاوبەش لەگەڵ دامەزراوە تەندروستییە ناوخۆییەکان و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان چەند دەستپێشخەرییەکی گرنگی لە کەرتی تەندروستیدا ئەنجامداوە، هەروەک دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی دەستبەجێ و ئەنجامدانی نەشتەرگەری تایبەت و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری تەندروستی و دابینکردنی ئامێر و کەلوپەلی پزیشکی.
بەرنامەکە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە نەهێشتنی کەموکورتییەکان لە ناو سیستەمی خزمەتگوزاری تەندروستی گشتی لە ڕێگەی دابینکردنی باشترین جۆری دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان و کەسانی شارەزا بۆ نەخۆشخانەکان و ناوەندە تەندروستییەکان لە سەرانسەری ناوچەکەدا.
یەکێک لە گرینگترین پڕۆژەکان دابینکردنی کارمەند و پێداویستی گرنگە بۆ هەر یەک لە یەکەکانی منداڵانی نەبەکام لە نەخۆشخانەی منداڵان و منداڵبوون، کە لە مانگێکدا زیاتر لە ٦٥٠ منداڵی تازە لەدایک بوو لە یەکەکەدا چارەسەر وەردەگرن بە بێبەرامبەر و بە باشترین کوالیتی، لە کاتێکدا تێچووی مانەوەی شەوێک ١٥٠$ دۆلارە لە کەرتی تایبەت.
هەروەها رێکخراوەکە پاڵپشتی ناوەندەکانی تایبەت بە نەخۆشی شێرپەنجە و سەنتەرەکانی وەرگرتنی چارەسەری تیشک دەکات لە هەریەک لە شارەکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک. جێی ئاماژەیە منداڵپارێزی کوردستان بە تەنها کەرەستە و دەرمان دابین ناکات بۆ سەنتەرەکان بەڵکو لە ڕێگەی پڕۆژەی ئاراوە هاوکاری دارایی و دەروونی و کۆمەڵایەتی پێشکەشدەکات بە ئەو منداڵانەی چارەسەری شێرپەنجە وەردەگرن، بۆ دڵنیابوونەوە لە بەردەستبوونی گشت خزمەتگوزارییەکان.
لە پێناو بەرەوپێشبردنی کەرتی تەندروستی ناوخۆ، منداڵپارێزی کوردستان تیمە پزیشکییە نێودەوڵەتییەکان بانگهێشتدەکات بۆ چارەسەرکردنی حاڵەتە سەخت و ئاڵۆزەکانی ئەو منداڵانەی کە کێشەی خواری بربڕەی پشتیان هەیە، تووشبووی نەخۆشییە زگماکییەکانی دڵن، یاخود دەناڵێنن بە دەست حاڵەتەکانی ناڕێکی زگماکی لێو و مەڵاشوو و نابیستی. لەماوەی ئەم سەردانانەدا تیمە پزیشکییەکان ڕاهێنان ئەنجامدەدەن بۆ ستافی پزیشکی ناوخۆ، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی منداڵان بە شێوەیەکی گشتی.
منداڵپارێزی کوردستان، دامەزرێنەری یەکەمین سەنتەری تایبەتە بۆ چارەسەرکردنی حاڵەتی ناڕێکی زگماکی لێو و مەڵاشوو لە نەخۆشخانەی سوتاوی و نەشتەرگەری جوانکاری ئیمێرجنسی لە شاری سلێمانی، کە ساڵانە زیاتر لە ١٠٠ نەشتەرگەری ئەنجامدەدات بۆ منداڵانی هەڵگری ئەم حاڵەتە و تاکە سەنتەری لەم جۆرەیە لە سەرانسەری ناوچەکەدا.
بە هاوبەشی کەرتی تەندروستی گشتی ڕێکخراوی منداڵپاری کوردستان (KSC) یەکەمین نەخۆشخانەی دڵی منداڵانی بنیاتناوە بۆ خزمەتکردنی منداڵان و دابینکردنی خزمەتگوزاری پزیشکی تایبەت بە نەخۆشییەکانی دڵ.
هەروەها لە درێژەی هەوڵ و کارەکانیدا ڕێکخراوەکە چارەسەری نەخۆشییەکانی پەیوەست بە دەم و ددان دابیندەکات بۆ منداڵانی ئۆتیزم و فرەجوڵە لە پێناو دابینکردنی چارەسەری گونجاو بۆ هەموو منداڵێک بە بێ جیاوازی لە ڕێگەی بێهۆشکاری گشتی.
جێی ئاماژەیە منداڵپارێزی کوردستان هاوکاری دارایی پێشکەشدەکات بەو خێزانانەی کەمدەرامەتن و ناچارن منداڵەکانیان ببەن بۆ دەرەوەی وڵات بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری. هەروەها ڕێنمایی تەندروستی بڵاودەکاتەوە لە خوێندنگاکان و ناوەندەکانی خوێندن و شوێنە گشتییەکان بۆ پەرەدان بە خووە دروستەکان لە تەمەنێکی بچوکەوە.
لە کاتی بڵاوبوونەوەی هەر جۆرە پەتایەکی مەترسیدار ڕێکخراوەکە بە زووترین کات هەڵوێست دەگرێتە بەر، هەر وەک پێدانی ڕێنمای و دابینکردنی پێداویستی تەندروستی وەک دەرمان و پاکژکەرەوەکان بۆ ناوەندەکانی تەندروستی. هەروەها جێی باسە یەکەمین یەکەی تایبەت بە ڕاهێنانی ئاخاوتن لە لایەن منداڵپارێزی کوردستانەوە دامەزراوە کە لە ئێستادا زۆرێک لەو منداڵانەی حاڵەتی ناڕیکی زگماکی لێو و مەڵاشوو یاخود کێشەی بیستن یان دواکەوتنی ئاخاوتنیان هەیە لەم یەکەیەدا چارەسەر وەردەگرن. هەروەها بە بەردەوامی هاوکاری سەنتەری فێرکاری و ڕاهێنانەوەی منداڵان CRC دەکات لە پێناو پاڵپشتی کردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت.
کاتێک لەمڕۆدا جیهان بە گشتی سەرنج دەخاتە سەر گرنگی تەندروستی و لەشساغی، منداڵپارێزی کوردستان دووبارە هەڵوێست دەگرێتە بەر بۆ بەهێزکردنی کار و پڕۆژە هاوبەشەکانی لە پێناو باشترکردنی بارودۆخی تەندروستی منداڵان. هەر نەشتەرگەرییەک، چارەسەرێک و هەر منداڵێک کە هانای بردبێت بۆ بەرنامەی تەندروستی لە ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان نیشاندەری هێزی گیانی هاوکاری و کاری بە کۆمەڵە بۆ دابینکردنی داهاتوویەکی گەش و تەندروست بۆ هەمووان بێ جیاوازی.
دەربارەی ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان
ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان لە پێناوقازانجدا کارناکات، ڕێکخراوێکی سیاسی و حکومی و ئاینی نیە، بەبێ ڕەچاوکردنی نەژاد، ڕەگەز، پابەندییە ئاینی و سیاسیەکان یارمەتی پێشکەش بە منداڵان دەکات .
لە ئێستادا لە چوارچێوەی ٤ بەرنامەی سەرەکیدا کاردەکات ئەوانیش، پاراستنی منداڵ، تەندروستی، پەروەردە و پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان و هەروەها فرياگوزاری له كاتی کارەسات.
ئامانجی سەرەکیمان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی باشترە لەڕێگەی چاککردن و دابینکردنی پێداویستی جۆراوجۆری ماددی، تەندروستی، کۆمەڵایەتی، ئابوری، و پەروەردەیی.
ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی ١٩٩١ لەلایەن بەڕێز هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و خانمی یەکەمی ئێستای عێراق خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دامەزراوە.
بۆ زانیاری زیاتر، تکایە پەیوەندی بکە:
سۆشیاڵ میدیا پلاتفۆرمەکان:
https://www.facebook.com/kurdistansavethechildren
https://www.instagram.com/kurdistansavethechildren/
https://www.linkedin.com/in/kurdistan-save-the-children/
https://www.youtube.com/@KurdistanSavetheChildren
https://whatsapp.com/channel/0029Vag7rzH2kNFhFEaPXi2P