سلێمانی : ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان یادی ٣٣ ساڵ لە بەردەوامی لە دابینکردنی خۆشگوزەرانی منداڵان بەرزڕادەگرێت
بە سەرپەرشتی خانمی یەکەمی عێراق، ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٤ توانیویەتی خزمەتگوزاری پێشکەشبکات بە ٣٠٠٠٠ سوودمەند لە بەرنامەکانی پەروەردە، پاراستنی منداڵ، تەندروستی، و بەرنامەی گەشەپێدانی تواناکانی گەنجان.
١٧ ئەیلول ٢٠٢٤
ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان بە شانازییەوە یادی ٣٣ ساڵەی دامەزراندنی دەکاتەوە بە بۆنەی زیاتر لە سێ دەیە بێ وچان کارکردن لە پێناو خۆشگوزەرانی منداڵان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و عێراق.
ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان لەلایەن خانمی یەکەمی پێشووی عێراق خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە ساڵی ١٩٩١ دامەزراوە لە ناوەندی ڕاپەڕینەکانی عێراق کە تیایدا ١.٥ ملیۆن کورد ئاوارەی شاخ و چیاکان و ئێران و تورکیا و وڵاتانی ڕۆژئاوای بوون لە پێناو گەڕان بەدوای ئارامی و ژینگەیەکی پارێزراو. ئەو کارەساتە مرۆییە بووە هۆی ناچارکردنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ دەرکردنی بڕیاری ٦٨٨ بۆ ڕاگەیاندنی ناوچەی دژە فڕین لە هەرێمی كوردستان. لەو ماوەیەدا دانیشتوانی کوردستان ڕووبەڕووی بارودۆخێکی سەخت و برسییەتی و سەرماو سۆڵەیەکی زۆر بوونەوە کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زۆرێک لە منداڵان.
ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان ڕێکخراوێکە لە پێناو قازانجدا کارناکات و سیاسی و ئاینی نیە ، هەمیشە داکۆکی کردووە لە مافەکانی منداڵان بە بێ ڕەچاوکردنی نەژاد و ڕەگەز و پابەندییە ئاینی و سیاسییەکان، بۆ بەخشینی ئومێدی ژیانێکی شایستەتر سەرەڕای ئاستەنگەکان و پێشکەشکردنی پشتگیری لە سەرەتاوە بۆ دروستکردنی گۆڕانکارییەکی هەمیشەیی.
ئەمڕۆ لە ژێر سەرپەرشتی خانمی یەکەمی عێراق خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان جەخت دەکاتەوە لە پابەندبوونی بۆ باشترکردنی ژیانی منداڵان لە دەرەنجامی بەرنامە و پڕۆژە هەمەجۆرەکانی.
سەرۆکی ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان، سارا ڕەشید دەڵێت:” ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان پابەندە بە ئەرکی خۆی بۆ دابینکردنی هیوا و پشتگیری و هەلی جیاواز بۆ هەموو منداڵێک“. هەروەها وتیشی ”پابەندبوونی کارمەندەکانمان وستافەکەمان، بەخشندەیی خێرخوازەکانمان و خۆڕاگری ئەو منداڵانەی کە خزمەتیان دەکەین ئومێدمان پێدەبخشن بۆ بەردەوام بوون لە کارکردن.“
فەرهەنگی گەشەپێدان وهاوکاری
بەرنامەکانی ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان ڕێبازێکی هەمەلایەن دەگرنەبەر بۆ چارەسەرکردنی پێداویستییە هەمەچەشن و ئاڵۆزەکانی منداڵان لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
بەرنامەی پەروەردە
ئامانجی سەرەکی بەرنامەی پەروەردە دڵنیابوونە لە دەستڕاگەیشتنی یەکسانی هەموو منداڵێک بە پەروەردە، ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا هەنگاوی کاریگەری ناوە لە ڕێگەی پڕۆژەو دەستپێشخەرییە جیاوازەکانەوە، کە لە دەرەنجامدا ٢١٠٧ سوودمەندی هەبووە.
▪ زیاتر لە ٣٠٠قوتابی وەرگیراون لە خوێندنگەی دواناوەندی شەهید جەبار، وە ٩١قوتابیش بەشداریان کردووە لە خولی هاوینەی خوێندنگەکە.
▪ ١٦٣ منداڵ سوودمەند بوون لە خولی ڕاهێنان لە کەمپی قوشتەپە و دارەشەکران.
▪ ٣٠٥ منداڵ لە مەڵبەندی ڕۆشنبیری منداڵانی کازیوە -چوارتا بەشداری خولی هاوینەیان کردووە.
▪ ٨٤٧ کەس سوودمەند بوون لە خزمەتگوزارییەکانی مەڵبەندی ڕۆشنبیری منداڵانی کازیوە -عەربەت.
▪ ١٧٥ منداڵ سوودمەند بوون لە باخچەی منداڵانی کازیوە - عەربەت.
▪ ١١٨٥منداڵ وانەکانی خوێندنی نافەرمی (NFE)یان وەرگرتووە.
▪ ٢٠ گەنج بەشدار بوون لە خولەکانی ڕاهێنان کە لە چوار قوتابخانە ئەنجامدرا.
▪ ١٨٧ منداڵ لەلایەن سەنتەری ڕاهێنانی پەروەردەیی بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت چاودێری گونجاویان وەرگرتووە.
بەرنامەی پاراستنی منداڵ
لەسەرەتای دامەزراندنیەوە، بەرنامەی پاراستنی منداڵ لە ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان هەمیشە کاری کردووە بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی پارێزراو بۆ منداڵان، دوور لە هەموو جۆرێکی توندوتیژی و ئیستغلال کردن. لەم ساڵەدا بەرنامەکە دەستکەوتی باشی هەبووە، وەک بەڕێوبردنی کەیس بۆ ٢٥٣ منداڵ، دابینکردنی پشتیوانی دارایی بۆ ٩ خێزانی بەخێوکەر، و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری دارایی بۆ ٩٩ منداڵ. هەروەها پێداویستی و جل و بەرگی خوێندنگەی بۆ ٨١ منداڵ دابینکردووە و ٤١٤ منداڵی لە ژینگەی مەترسیدار دوورخستوەتەوە. چالاکییەکانی هۆشیاری گەیشتە ٥١٩ منداڵی ئیشکەر و ٤١٤ دایک و باوک، و ٣٩٥ هاووڵاتی. جگە لەوەش ٣٩٧ سەردانی بۆ شوێن و شوێنی کار جیاواز ئەنجامدراوە، کە بووە هۆی داخستنی ٢٥ شوێن و هۆشداری دراوەتە ٣ شوێن لەلایەن لیژنەی پاراستنی منداڵ بۆ پێشێلکردنی یاسای منداڵی ئیشکەر.
١٨ منداڵ سوودمەند بوون لە چالاکییەکانی توانای بەرگەگرتنی منداڵ لە کازیوەی سەرا.
پڕۆژەی گرتنەخۆ
پڕۆژەی گرتنەخۆ بەشێکی سەرەکییە لە بەرنامەی پاراستنی منداڵ کە هاوکاری دارایی پێشکەش دەکات بە ٧٥٢ خێزان و بەڕێوەبردنی کەیسی بۆ ٦٥منداڵ ئەنجامداوە. هەروەها پڕۆژەکە پاڵپشتی خێزانە کەمدەرامەتەکانی کردووە لە ڕێگەی دابەشکردنی کەلوپەل بەسەر٥٢٧ سودمەند و هەروەها سەبەتەی خۆراکی بەخشییە ١٬١٥٥ خێزان.
لە چەمچەماڵ و کەلار و سلێمانی و هەڵەبجە و کۆیە و قەڵادزێ و کەرکوک پڕۆژەی دروستکردنی داهات دەستیپێکرد، پڕۆژەکە بریتییە لە دابینکردنی کەلوپەل بۆ پڕۆژەی بەرگدروو، نانەواخانە، و ئامادەکردنی خواردن و فرۆشتنی کەلوپەل و کردنەوەی دوکان و ئارایشتگا، لە ئەنجامدا ١١ پڕۆژەی داهات دروستکران.
هاوبەشی کردن لەگەڵ کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR)
بە هاوبەشی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان چەندین کار وچالاکی جیاوازی ئەنجامداوە بۆ پاراستن و هاوکاری کردنی پەنابەران.
دەستکەوتی پڕۆژەکە لە ماوەی نۆ مانگی ڕابردوودا:
▪ بەڕێوەبردنی کەیس بۆ ١٤٧٣ منداڵ ئەنجامدراوە و ٢٠٣ منداڵ چارەسەری سروشتییان وەرگرتووە.
▪ هەڵسەنگاندنی باشترین بەرژەوەندی بۆ ١٤٣٢ منداڵ ئەنجامدراوە، و پاڵپشتی دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ ٦٤٧ منداڵ و هەرزەکار دابینکراوە.
▪ دیاریکردنی باشترین بەرژەوەندی بۆ منداڵ (BID) بۆ ١٩ منداڵ ئەنجامدراوە و ٤٣٠ دایک و باوک بەشداربوون لە خولی پەروەردەکردنی منداڵ.
▪ ٢٢٧ ئەندامی کۆمەڵگا، ١٥٠ کارمەندی ڕێکخراوە ناحکومییەکان، و ٩٠ کارمەندی کەرتی حکومی ڕاهێنانی پاراستنی منداڵانیان وەرگرتووە.
▪ ٣١٧٦ کەس بەشداری چالاکییەکانی هۆشیارییان کرد، و پشتگیری دەروونی و کۆمەڵایەتی نافەرمی پێشکەشکرا بە ٤٥٣٥ منداڵ.
بەرنامەی تەندروستی
لەسەرەتای دەستپێکییەوە لە ساڵی ٢٠٠٥، بەرنامەی تەندروستی ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان کانگایەک بووە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی گرنگ بۆ منداڵان لە کۆمەڵگە جیاوازەکاندا. لەم ساڵەدا بەرنامەکە دەرەنجامێکی باشی هەبووە.
▪ ٢٣١ منداڵ نەشتەرگەریان بۆ ئەنجامدراوە
▪ ٧٢ منداڵ قەستەرەی چارەسەرییان بۆ ئەنجامدراوە
▪ ١٢ نەخۆش کورسی خاوەن پێداویستی تایبەتیان بۆ دابینکراوە
▪ ٣٦٦ منداڵ دەرمانیان بۆ دابینکراوە.
▪ ٤١ منداڵ چارەسەر وپێداویستی لولپێچی ناوەوەیان بۆ دابینکراوە .
▪ تیمی پزیشکی نێودەوڵەتی چەند خزمەتگوزارییەکی گرنگیان پێشکەشکرد، وەک نەشتەرگەری بڕبڕەی پشت کە لەلایەن دکتۆر کاردۆ سەڵاحەدین ئەنجامدرا.
▪ چەند منداڵێک لەلایەن تیمی پزیشکی ڕێکخراوی خاچی سویسری Swiss Cross هەڵبژێردران بۆ ئەوەی نەشتەرگەریان بۆ ئەنجام بدرێت.
▪ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی دڵ لەلایەن تیمی پزیشکی کەفیل.
▪ دابین کردنی ئامێر و پێداویستی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەکان.
▪ نۆژەنکردنەوەی دامەزراوە و سەنتەرە جۆراوجۆرەکان وەک سەنتەری هێلێنا و سەنتەری تالاسیمیا.
▪ نۆژەنکردنەوەی سەنتەری تالاسیمیا و دابینکردنی ٤٠ ئامێری Infusion Pump لە سلێمانی.
▪ دابینکردنی ١٥ حازینە و ٤٠ ئامێری Infusion Pump بۆ نەخۆشخانەی راپەڕین لەشاری هەولێر و دابینکردنی ١ سیپاپ و ٥ ئامێری بەخاخ بۆ شارۆچکەی سۆران لەشاری هەولێر.
پڕۆژەی ئارا
لەساڵی ٢٠١٣ دا دەمەزراوە، پڕۆژەی ئارا پشتگیری بۆ منداڵانی تووشبوو بە شێرپەنجە دابین دەکات. دەستکەوتەکانی ئەمساڵ بریتین لە دابینکردنی پشتگیری دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ ٨٢١ منداڵی تووشبوو بە شێرپەنجە و ٢٣٦ منداڵی تووشبوو بە هیمۆفیلیا و نەخۆشییەکانی دیکە، هەروەها ئاهەنگی لەدایکبوون بۆ ٢٦٠ منداڵ سازکرا.
هاوکاری دارایی و بەڕێوەبردنی کەیس پێشکەش بە ٢٧ منداڵ کراوە و ٦٠٧ منداڵ دیارییان وەرگرتووە. هەروەها پرۆژەکە ٢٠ منداڵی بۆ چارەسەر و نەشتەرگەری ڕەوانەکردووە، لە ڕێگەی چالاکی هونەرییەوە پاڵپشتی بۆ ٤٠٧ منداڵی دابینکردووە هاوکات پاڵپشتی دارایی بەرچاوی پێشکەشکردووە بۆ دابینکردنی چارەسەر لە ناوەندە جیاجیا کان، لەوانە بڕی ٥٬٠٠٠٫٠٠٠ دیناری عێراقی (٣٬٣٣٣ دۆلاری ئەمریکی) بۆ سەنتەری ژین و ١٢٬١٢٨٬٤٥٠ دیناری عێراقی (٨٠٨٦ دۆلاری ئەمریکی) بۆ نەخۆشخانەی هیوا تەنخانکردووە.
بەرنامەی گەشەپێدانی توانای گەنجان
بەرنامەی گەشەپێدانی توانای گەنجان سەر بەڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان، هاوکاری گەنجان دەکات بۆ ئەوەی ببنە ئەندامی چالاک لە کۆمەڵگادا . چالاکییەکانی ئەمساڵ بریتی بوون لە بەڕێوەبردنی سەنتەرەکانی چالاکی گەنجان لە دەربەندیخان (٤٠٣ سودمەند)، کەلار (٣٥٥)، کۆیە (٣٨٩)، خانەقین (٤٦٢)، شۆڕش (٣٦٨).
هەڵمەتە دیارەکانی بەرنامەکە بۆ ئەم ساڵ بریتی بوون لە هەڵمەتی "بەڵێ بۆ ژیان، نەخێر بۆ ماددەی هۆشبەر" کە ٥٠٦ کەس بەشداربوون ، هەڵمەتی هۆشیاری "ئێمە خێزانەکانمان دەپارێزین" کە ٤٠٩ کەس بەشداربوون بە ئامانجی هۆشیارکردنەوەی خێزانەکان دەربارەی مەترسیەکانی بەکارهێنانی ئینتەرنێت، و هەڵمەتی تەندروستی ماف و زایندەیی PDO کە ٩٠ کەس بەشداربوون . هەروەها بەرنامەکە پڕۆژەی Media lab ی بە هاوبەشی رێکخراوی Lens on Lifeئەنجامدا کە تیایدا ١٦ گەنج سوودمەند بوون و ٨ خولی فۆتۆگرافی بۆ ستاف و پڕۆژەیەکی هاوبەشی لەگەڵ (TGH) لەخۆدەگرێت کە ١٧٩٥ کەس سوودمەندبوون.
دەربارەی ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان
ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان لە پێناوقازانجدا کارناکات، ڕێکخراوێکی سیاسی و حکومی و ئاینی نیە، بەبێ ڕەچاوکردنی نەژاد، ڕەگەز، پابەندییە ئاینی و سیاسیەکان یارمەتی پێشکەش بە منداڵان دەکات .
لە ئێستادا لە چوارچێوەی ٤ بەرنامەی سەرەکیدا کاردەکات ئەوانیش، پاراستنی منداڵ، تەندروستی، پەروەردە و پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان و هەروەها فرياگوزاری له كاتی کارەسات.
ئامانجی سەرەکیمان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی باشترە لەڕێگەی چاککردن و دابینکردنی پێداویستی جۆراوجۆری ماددی، تەندروستی، کۆمەڵاییەتی، ئابوری، و پەروەردەی .
ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی ١٩٩١ لەلایەن بەڕێز هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و خانمی یەکەمی ئێستای عێراق خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دامەزراوە.
بۆ زانیاری زیاتر، تکایە پەیوەندی بکە:
[email protected]
سۆشیال میدیا پلاتفۆرمەکان:
https://www.ksc-kcf.org/
https://www.facebook.com/kurdistansavethechildren
https://www.instagram.com/kurdistansavethechildren/
https://www.linkedin.com/in/kurdistan-save-the-children/
https://twitter.com/KSC_KCF
https://www.youtube.com/@KurdistanSavetheChildren